راپۆرتێك دەربارەی
رۆڵی مامۆستا لە پەروەردە و فێركردندا
Hunar Kamal Qader
2015
پێشەكی:
مامۆستا ڕۆڵێكی گرنگ وزیندوی لەكاری فێركردندا هەیە،چونكە بەجێهێنەری سەرەكی پرۆگرامی خوێندنە و،ئاراستەكارو رێنوێن و سەركردەی پۆلیشە بۆ خوێند كاران لە كرداری فێربون و فێركردندا و، هەر ئەویشە كە هەڵسوڕێنەری بەدواداچونی دەرئەنجامەكانی خوێندكاران دەكات و هەوڵی باشتركردن و پەرەپێدانی دەدات،هەروەك لە هەمان كاتدا مامۆستا رەگەزێكی زۆر كاریگەری نێو رەگەزەكانی كرداری فێركارییە وكاریگەرە لەسەركەسیەتی خوێندكاران ،چونكە راستەوخۆ ئاوێتەی كارەكەیەوكاتێكی زۆری لەگەڵدا بەسەر دەبات . جا لەروانگەی ئەو لێشاوە پێشكەوتنە رۆشنبیرییەی كە جیهانی ئەمڕۆ بەخۆیەوە بینیویەتی و ئەو گۆڕانكارییە خێراییانەی كە لە بوارە جیاجیاكانی ژیاندا بەدی هاتوون و كاریگەریان لەسەر مرۆڤی ئەمرۆ هەیە، ئەركی مامۆستای چەندهێند تر كردۆتەوە بۆ زیاتر ئاشنابون بەكارەكەی و ڕۆچون لە پێكهاتەكانیدا بە مەبەستی قاڵبون تیایداوزاڵبون بەسەر گرفت و پێشهاتەكانیدا، ئەمەش دەمانخاتە بەردەم ئەوراستییەی كە واپێویست دەكات زیاتر گرنگی بە پێكهێنان و ئامادەكردنی مامۆستایان بدرێت ودڵنیایی لەوە دەستەبەربكرێت لەدامودەزگاكانی پێگەیاندنی مامۆستایاندا كە لەهەمو رویەكی پیشەیی و كەسییەتی وتواناكانی گەیاندنەوە مامۆستا بۆ ئەم رۆڵە مەزنە ئامادەكراوە، بۆ گەیاندنی پەیامەكانی پەروەردەو فێركردن بە پیرۆزی و لەخزمەتی كۆمەڵگادا.
چەمك و واتای ڕۆڵ لە كرداری فێركردندا
ڕۆڵ، بە هەڵسوكەوتێك دەگوترێت كە كەسانی دیكە لەو تاكەی كە پێگەیەكی دیاریكراوی بەدەست هێناوە، چاوەڕێی دەكەن. ڕۆڵە شیاوەكان بەشێوەی بەشێك لە پرۆسەی بەكۆمەڵایەتی بوون فێری تاك دەكرێت و پاشان تاكیش قبووڵیان دەكات. یان ڕۆڵ ،بەواتا فراوانە گشتیەكەی ، مە بەست ئە وكۆمەڵە چاپوكی و چالاكیە پێكەوە پەیوەستانەیە كە دەكرێت تاك ئەنجامی بدات بۆ بەدیهێنانی ئامانجێكی چاوەڕوانكراو یان دەستنێشانكراولە هەڵوێستەكاندا، هەروەك (كاتزوكاهن) لە پێناسەی ڕۆڵدا دەڵێت : ئە وچوارچێوە پێوەرە ڕەفتارییەیە، كەوا لەسەر تاك پێویست دەكات بە چالاكیانێك هەستێت لەبەر پەیوەست بون و هاوبەشی لە كارێكدا ،بە چاوپۆشیكردن لەو ویست و حەزە تایبەتیانەی خۆی كە دوورن لە ئامانجەكانی ئەو كارە؛ ئەمەش ئەوڕاستییە ڕوونتر دەكاتەوە ،كە ڕۆڵ لەكاری فێركردندا دەبێت بەتەواوەتی دووربێت لە مەزاج و سۆزو هەڵچونە تایبەتە ناوەكییەكانی مامۆستا ،چونكە بەدڵنیاییەوە كاریگەری نەرێنی دەكاتە سەر پرۆسەی فێركردن و، لەبنەما زانستییە پەروەردەییەكانی دور دەخاتەوە، وە لەبەر ئەوەی تێڕوانینەكان بۆ واتاو چەمكی ڕۆڵ جۆربەجۆرەو ناوەندی كارو توانای تاكەكان لەتێگەشتنی واتای رۆڵ لەكاری فێركردندا بە پێی تواناو بیركردنەوەكانی ئاڕاستەكارانی بواری فێركردن دەگٶڕێت،زۆر پێوستە كەمامۆستا بەرچاو ڕوون بێت و بەڕۆڵی زانستی و پەروەردەیی خۆی هەڵسێت ،تا بتوانێت بەشێوەیەكی درووست كارامەیی خۆی لە كارەكەیدا بەرجەستە بكات و زۆرترین ئامانجەكانی لە پێگەیاندن و گەشەپێدانی تواناكانی فێرخوازاندا دەستەبەربكات.
پێناسەی پەروەردەو فێركردن:
پەروەردە و فێركردن بە كردەوە یان پرۆسەیەك دەگوترێت كە لەو رێگەیەوە، زانست، لێزانی، لێهاتوویی و چۆنییەتی هەڵسوكەوت یان ئاكاری شیاو فێری تاك دەكات.
رۆسۆ لە كتێبەكیدا (پەیمانی كۆمەڵایەتی)دا دەڵێ: سروشت مرۆڤی بە چاك خوڵقاندووە، كەچی كۆمەڵگا خراپی بارهێناوە، سروشت مرۆڤی سەربەست خوڵقاندووە، بەڵام كۆمەڵگا كۆیلەی لێ دروستكردووە، سروشت مرۆڤی بەختەوەر خوڵقاندووە، كەچی كۆمەڵگا ئەوی چارەڕەش كردووە. ئەو پێی وایە ژیاندنەوە نوێكردنەوەی تاك و كۆمەڵگا بەدوو شێواز دەكرێت، نوێ كردنەوەی تاك و نوێكردنەوەی كۆمەڵگا. ئێمە لێرەدا زیاتر مەبەستمان نوێكردنەوەی تاكە، لە هەنگاوی یەكەم دا بە پەروەرد و راهێنان دەكرێ. ئێستا كە سروشت باش و كۆمەڵگە خراپە، دەبێ سروشت بژێنیتەوە كۆمەڵگا بڕەتێندرێ و بخرێتە لاوە شلكە نەمان لەكارتێكەرییەكانی بپارێزرێ. سروشت مرۆڤی، كێوی بار هێناوە، كەوابوو دەبێ هەوڵ بدەین قوتابییەكەمان وەك بونەوەرێكی كێوی راهێنرێ واتە جەستەی بەهێز بكەین و پێنج هەستەكەی بەهێزتر بكەین. وارسكەی پەروەردە بكەین بۆ ئەوەی وزەی هرزین لە زنجیری هەست و كەفوكوڵ رزگاری بێ. پەلە نەكەین هەتا هێزی ئاوەز بۆ خۆی سەریهەڵ بدا. واتا خوازیاری ئەوە نەبین كە بەر لە كاری خۆی دەركەوێ. جسناتی مرۆڤ بەپێی پێویست و ئاتاج پەروەردە كراوە. ئێمەش دەبێ كارێكی وا بكەین منداڵ هەست بەنیاز بكا. هەروەها دەبێ ئامرازی ئەزموون و تاقیكردنەوە لەبەردەستی بنێین.
ئەفلاتوون پێی وایە پەروەردە بریتییە لە بەخشین بۆ جەستە و دەروون، كە هەموو جوانی و تەواوكەرییەك لەخۆ دەگرێت.
"جون دوی" پێی وایە پەروەردە بریتییە لە ژیان، پرۆسەی گونجاندنە لەنێوان تاك و ژینگەدا.
پەروەردە و فێركردن لە رابردوو و ئێستادا:
ئامانجی سەرەكی پەروەردە و فێركردن جگە لە بەكۆمەڵایەتی كردنی تاك، راگواستنی زاناییە.
پەروەردەو فێركردن لە رابردوودا لە ئەستۆی بنەماڵە بوو، بەڵام لە چاخی نوێدا بە رادەیەكی زۆر ئەم بەرپرسیاریەتییە گۆڕانكاریی بەسەردا هات و لە بنەماڵەوە بۆ كۆمەڵگا راگوێزرا. پێش لە بەپیشەسازی بوون، بنەماڵە هاوڕێ لەگەڵ كۆمەڵگای خۆجێیی(گوند) و مزگەوت و كڵێسە، لە ژیانی منداڵدا هۆكاری سەرەكی بە كۆمەڵایەتی كردنی بوون. بنەماڵە، نەریتەكان، بەهاكان، نۆرمەكان و لێزانییە كردەكییە (وەرزێری) پێویستییەكانیان بۆ ژیان لە كۆمەڵگایەكی وەرزێریدا فێری منداڵ دەكرد. بەڵام كاتێك كۆمەڵگاكان بە پیشەسازی بوونەوە، ئەم جۆرە پەروەردە نەریتییە بەشێوەیەكی بەرچاو بایەخی خۆی لە دەست دا، كاتێك قەبارە و ئاڵۆزیی زانست پەرەی سەند، ئەندامانی بنەماڵە بەرەبەرە توانای خۆیان لە پەروەردەی پێویستی منداڵەكانیان لە دەست دا. بۆ نموونە هەنووكە ژمارەیەكی زۆر كەم لە دایكان و باوكان هەڵومەرجی ئەوەیان تێدا بەدی دەكرێت كە منداڵەكانیان لە بوارەی بونەوەرناسی، ئەدەبیات، بیركاری و پرۆگرام دانانی كۆمپیوتەر رابێنن، دامەزراوەی پەروەردە و فێركردن بەمەبەستی دابینكردنی پێویستییەكانی كۆمەڵگا بۆ راگواستنی زانست بۆ لاوان پێكهاتووە. لە نیوەی سەدەی بیستەمدا كە هێزی مرۆیی كاركەر لە وەرزێریدا بەرەبەرە كەمبوونەوەی بەخۆیەوە بینی و كاری دەستیی كارخانەكان پەرەی سەند، ئەو لێزانیانەی كە تا رادەیەك ساد و ساكار بوون زۆرتر لە رابردوو بایەخی خۆی لە دەست دا پیشەی نوێ و پرۆفیشناڵ یان فەننیی جۆراوجۆر و بەڕێوەبەری پەرەی سەند. خاوەنكارانی بازاڕی ئازاد و دایكان و باوكان خوازیاری راهێنانی پێشكەوتووتری قوتابخانەكان بۆ منداڵەكانیان بوون. بەڕێوەبەرانی قوتابخانەكان بە پلان داڕشتن و پەرەپێدانی قوتابخانەكان. زۆرتر پێیان لەسەر پەروەردەو پێشكەوتووانە داگرتووە.
روانگە و رێبازەكانی كۆمەڵناسی لەمەڕ پەروەردە و فێركردن:
1- كاركردگەرایی (Functionalism) كاركردەكانی پەروەردە:
بەپێی تیۆریی كاركردگەراكان، دامەزراوە كۆمەڵایەتییەكان بەم هۆیە پەرەدەسێنن كە یەك یان چەند پێویستی سەرەكیی كۆمەڵگا دابین دەكەن، دامەزراوەی پەروەدەو فێركردن لە كۆمەڵگای نوێدا چەند كاركردنی بنەڕەتیی لە ئەستۆیە، لەوانە: راگواستنی كولتوور، یەكگرتوویی كۆمەڵایەتی، هەڵبژاردنی لێهاتووییە كارامەترەكان و پێكهێنانی كێبڕكێ بۆ نیشاندانی لێهاتووییەكان، بەرزبوونەوە و گەشەكردنی تاكەكەسی و پەرەپێدان، پاراستن و بەرهەمهێنانی زانست.
2- روانگەی ململانێ - نایەكسانی پەروەردەیی:
یەكسانی پەروەردەیی (Educational equality) لە بنەڕەتەوە بەو واتایەیە كە هەموو منداڵێك، سەرەڕای پێگەی كۆمەڵایەتی و ئابووری، بەرنامەی پەروەردەیی یەكسانیان هەیە، هەموو منداڵێك لە هەر ناوچەیەك دابێت بڕواتە قوتابخانە و هەموو قوتابخانەكان لە هەر ناوچەیەكدا بن پێداویستی و بودجەی وەك یەكیان بۆ دابین بكرێت. ئایا قوتابخانەكانی ئێستا دەتوانن یەكسانیی پەروەردەیی بۆ قوتابیان دابین بكەن؟ وەڵامی لایەنگرانی روانگەی ململانێ ئەم پرسیارە نەرێنییە. "رێ ریست 1977" وەبیری هێناوەتەوە كە مامۆستایان زۆرتر بەپێی چینی كۆمەڵایەتی و تایبەتمەندییە ئیتنیكیەكانی قوتابیەكان، لێهاتووییەكانیان هەڵدەسەنگێنن. هەروەها زۆرێك لە مامۆستایان لە كاتی پرسیاركردن لە قوتابییەكانی پۆڵ، كاتێكی زۆرتر دەدات بەو قوتابییە بەناو زیرەكەز هەروەسا، زۆربەی مامۆستاكان زۆرتر سەرنجی قوتابی زیرەك دەدەن تا قوتابی لاواز.
هەروەها لە نموونەیەكی دیكە قوتابیانی سەر بە پێگەی كۆمەڵایەتی - ئابوورییە بەرزەكان نە تەنیا زۆرتر دەكەونە بەر سەرنجی بەڕێوەبەرانی قوتابخانە، بەڵكو ئەم قوتابیانە بەهۆی توانای ئابووریی بنەماڵە، كۆمەڵێك پێداویستیی پەروەردەیی جۆراوجۆریان هەیە. لە ئاكامدا هەندێ لەم مامۆستایانە زۆرتر سەرنجی پەروەردەی منداڵانی چینی خۆش بژێوی دەدەدن. لەلایەكی دیكەوە، ئەم دایك و باوكانە بەهۆی توانای ئابوورییەوە دەتوانن بۆ بەهێزكردنی وانەی منداڵەكانیان مامۆستای تایبەتی و كەرەستەی یارمەتیدەر بۆ پەروەردەبوونی دابین بكەن. زۆربەی دایكان و باوكان كە سەر بە پێگەی كۆمەڵایەتی - ئابووریی بەرزن، منداڵەكانیان لە قوتابخانەیەكدا كە پێداویستی پەروەردەیی باشتریان هەیە ناونووس دەكەن.
3- مامۆستاكان و بەكۆمەڵایەتیكردنی خوێندكاران:
مامۆستایان لە بەكۆمەڵایەتی كردنی منداڵدا ڕۆڵێك تاقانە و گرنگ دەگێڕن. مامۆستایان یەكەمین كەسایەتی خاوەن كارتێكەری و دەسەڵاتن كە زۆربەی منداڵەكان هەموو ڕۆژێك لە قوتابخانەدا لەگەڵیان بەرەڕوو دەبنەوە. هەروەها، زۆربەی دایكان و باوكان منداڵەكانیان ناچار دەكەن بەشێوەیەك هەڵسوكەوت بكەن كە مامۆستاكانیان دەیانەوێت، چونكە داهاتوویی منداڵەكانیان پەیوەندی بەسەركەوتن یان سەرنەكەوتنی ئەم منداڵانە لە قوتابخانەكاندا هەیە. مامۆستایان زۆركات بەشێوەی بڕیاردانە (دەستووری)قوتابیان هان دەدەدن بۆ بەڕێوەبردنی ئەركاكانی وانە و بەم جۆرە بە ئەنقەست بەرەو بە كۆمەڵایەتی بوونەوەیان دەبات. لە هەمان كاتدا. مامۆستایان خۆخوازانە لەسەر منداڵان كاریگەری دادەنێن. لە راستیدا، دەسدڵاتدای مامۆستایان لە بەكۆمەڵایەتی كردنی قوتابیاندا زۆر جێیی سەرنج و حەزی توێژەرانی زانستە كۆمەڵایەتییەكانە.
بۆ نموونە رۆبێرت رۆزینتاڵ "Rosental" و لێنۆر جێكۆبسێن 1989 لە پەرتووكەكەیاندا لەژێر ناوی "پیگمالیۆن لە پۆڵ"دا نیشانیان داوە كە شێوازی هەڵسوكەوتی مامۆستا لەگەڵ قوتابیی كاریگەرییەكی قووڵ لەسەر هەڵسوكەوتی قوتابی دادەنێت. توێژەران بەشێوەی رێكەوت گرووپێك لە قوتابیانی زیرەك و لاوازیان هەڵبژارد و ئەوانیان بە قوتابیانێك ناودێر كرد كە لە ساڵی داهاتوودا بەشێوەی خۆهەڵدان (جهشی) سەركەوتنێكی بەرزی خوێندن بەدەست دێنن. لە راستیدا توێژەران ئاستە واقیعییەكانی تاقیكارییە سەرەتاییەكەیان بە مامۆستایان رانەگەیاندبوو. ساڵی پاشتر پێشبینی لێكۆڵەران بە دروست هاتەدی. ئەو قوتابیانەی وەك قوتابی خۆهەڵدەر(جهشی) بە مامۆستایان ناسرابوون زۆر باشتر لە هاوپۆڵییەكانیان لە خوێندندا پێشكەوتن چونكە مامۆستاكان بە چاوی زیرەك(لەرووی وانەوە)سەیریان دەكردن. ئەم تاقیكارییە نیشانیدا كە چاوەڕوانییەكانی مامۆستا لەسەر كردەوەی قوتابی كاریگەری دادەنێت.
4- ناونیتكە لێدان "Labeling":
ناونیتكە لێدان لە تاك لە كۆمەڵگادا شتێكی سروشتییە: كاتێك چاومان بە كەسێك دەكەوێت، بەپێی ئەو زانیارییە كەمەی هەمانە، كۆمەڵێك گریمانە لەسەر ئەوەی ئەم كەسە چۆنە، پێَشكەش دەكەین. ناونیتكە لێدان لە قوتابخانە (شوێنەكانی دیكەش) دەتوانێت دواهاتێكی گرنگی بەدواوە بێت. بۆ نموونە: هەندێ لە مامۆستاكان ناونیتكەی (زیرە یان تەمبەڵ) یان (كێشەخوڵقێن) لەسەر قوتابی دادەنێن. كاتێك ناونیتكە لەسەر كەسێك دانرا، لابردنی ئەم ناونیتكە زۆر ئاستەمە. كاتێك شتێكی خراپ روودەدات یەكەمین كەسێك كە گومانی لێدەكرێت ئەو قوتابیەیە ناونیتكەی (كێشەخوڵقێن)ی لەسەر دانراوە، ناونیتكە ئەم بەریانەی هەیە ببێتە پێشبینی وەدیهاتوو، واتە ئەو قوتابیەی ناونیتكەی لەسەر دانراوە هەر بەو شێوەیە هەڵسوكەوت دەكات كە ناونیتكەیان لەسەر داناوە - قوتابییەك كە ناونیتكەی "زیرەك"یان لەسەر داناوە، بڕوا بەخۆبوونی بەهێز دەبێتەوە قوتابییەك كە ناونیتكەی (كێشەخوڵقێن)ی لێدراوە، كێشە دەنێتەوە و ..هتد.
ناونیتكە لێدان لەلایەن گرووپی هاوتاكانیشەوە بەڕێوە دەچێت. بایەخ و كاریگەریی ئەو ناونیتكە گرووپی هاوتكان لە تاكێكی دەدەن لە ناونیتكەی مامۆستاكان كە لە قوتابیی دەدەن كەمتر نییە. بە بۆچوونی مامۆستا "زیرەك بوونی قوتابی" ناونیتكەیەكی پۆزەتیڤە، بەڵام لەوانەیە قوتابییەكانی دیكە بەخیڵی پێی ببەن و ناونیتكەی "كەر خوێن یان زۆخوێن" یان "ماستاوچی"ی لەسەر دانێن. هەروەها لەوانەیە ئەو قوتابییەی لەلایەن مامۆستاكایەوە ناونیتكەی "كێشەخوڵقێن"ی لەسەر دانراوە لەنێو هاوتاكانیدا خۆشەویسترببێتەوە.
5- شێوازەكانی راهێنان:
مامۆستایانی جۆراوجۆر بۆ وانە گوتنەوە، شێوازی جۆراوجۆر بەكاردێنن. هەندێ جار ئەم شێوازانە پەیوەندی بە وانەوە هەیە و هەندێجاریش بە ویستی مامۆستا، بەڵام هەندێ كاتیش تەنیا خاڵێك بوونی هەیە. شێوازەكانی وانە وتنەوە لە دوو تەوەردا جێگر بوون و لەمەودای نێوان ئەم دوو تەوەرەدا كۆمەڵێك شێوازی دیكەش هەن.
شێوازێك ئەمەیە كە مامۆستا قوتابیان ناچار دەكات بەشێك لە پەرتووكی وانە لەبەر بكەن و رۆژی دواتر بۆ مامۆستای بڵێنەوە. بەم شێوازە راهێنانە "بڕیاردەری - دەستووری" دەگوترێت. شێوازێكی دیكە ئەوەیە مامۆستا بابەتێك دێنێتە گۆڕێ و لە قوتابیان یان خوێندكاران داوا دەكات خۆیان لەسەر لایەنەكانی ئەم بابەتە بەدواداچوون بكەن و لە داهێنانی خۆیان كەڵك وەرگرن و خاڵی نوێی تێدا بدۆزنەوە. بەم شێوازە، راهێنانی كارانە دەگوترێت. رەخنەگرانی شێوازی راهێنانی پێشنیاركارانە دەڵێن: ئەم شێوازە نە تەنیا داهێنەری خوێندكار یان قوتابی بەهێز ناكاتەوە بەڵكو رەوتی رانەوەستاوی زەین سەركوت دەكات و حەزی قوتابی یان خوێندكار بەرامبەر بە بابەتی وانە كەم دەكاتەوە.
توێژینەوەكان نیشانیان داوە شێوازی راهێنانی رێنوێنی كارانە نەتەنیا هانەی قوتابیان یان خوێندكاران بۆ فێربوون زۆرتر دەكاتەوە، بەڵكو داهێنەرییەكانیان بەهێز دەكات زەینیان بۆ وەرگرتنی زانستی نوێ ئامادەتر بكات.
6- كاریگەری چینی كۆمەڵایەتی لەسەر سەركەوتن لە خوێندندا
توێژینەوەكان نیشانیانداوە رێژەی سەركەوتنی خوێندنی قوتابیانی چینی هەژار لە چینی ناوەندی و سەرەوەی كۆمەڵگا كەمترە. ئەو زانستوانانەی لەمەڕ سەرنەكەوتنی قوتابیانی سەر بە چینی بێبەش راوبۆچوونیان دەربڕیوە، دوو دەستەن: كەسانێك كە هۆی سەرنەكەوتنی قوتابیان بە كەشی ماڵ و بنەماڵەی قوتابی دەزانن و ئەو كەسانەی لەسەر كاریگەریی كەشی قوتابخانە لەسەر سەرنەكەوتنی قوتابی پێداگیری دەكەن.
ئەگەر چی پەروەردە و فێركردن بە رواڵەت خۆڕاییە، بەڵام بەرپرسانی قوتابخانەكان، بە كردەوە لە بنەماڵەكان داوا دەكەن بۆ هەندێ تێچووی قوتابخانە پارە بە قوتابخانە بدەن. بنەماڵەكانی سەر بە پێگەی كۆمەڵایەتی - ئابووریی ناوەندی و سەرەوە تا رادەیەك توانای پێدانی تێچوویی زۆرتریان هەیە. هەروەها بنەماڵەكانی سەر بەم پێگە كۆمەڵایەتی و - ئابوورییانە دەتوانن بۆ منداڵەكانیان پەرتووك و كەرەستەی یارمەتیدەری پەروەردەیی و تەنانەت مامۆستای تایبەتیش بۆ منداڵەكانیان دابین بكەن. منداڵانی بێ بەش كە هەندێ جار تەنانەت ناتوانن بەرچایی پێویست و تەواو بخۆن، لە پۆڵدا توانای گوێگرتنی پێویستیان نەییە.
هەڵومەرجی ژیان كردن لە ماڵەوە بۆ خوێندن باشتر یارمەتی قوتابیی سەر بە پێگەی كۆمەڵایەتی - ئابووری ناوەندی و سەرەوە دەدات. بۆ وێنە زۆربەی ئەم قوتابیانەی ژوورێكی تایبەت و سەربەخۆیان هەیە و بۆ وانە خوێندنەوە كەشێكی بێ دەنگیان هەیە. بارودۆخی ژیانی قەرەباڵغی و ناتەندروست نە تەنیا بەربەستە لەسەر رێگای خوێندنی قوتابی، بەڵكو تەنانەت ئەم بارودۆخە دەبێتە هۆی بێ مەیلی و نەخۆشی قوتابی و نەچوونی بۆ قوتابخانە زۆرتر دەكاتەوە. هەروەها بنەماڵەی سەر بە چینی ناوەندی و سەرەوە زۆرتر دەتوانن ئەوەی"سامانی كۆمەڵایەتی"ئاودێر كراوە، بۆ قوتابیی دابین بكەن.
7- رەگەزو خوێندەواری:
كچان: لەدەیەكانی 1970 و 1980 دا و بەتایبەت لەنێَو فێمنیستەكاندا بەرامبەر بە پەروەردەیەك كە پێشكەشی كچان دەكرا، نیگەرانیی زۆر لە گۆڕێدا بوو. بابەتە وانەییەكانی كچان لەچاو كوڕان جیاواز بوو و ئەو پیشەگەلەی بە كچەكان دەدرا هەم لە باری پێگەوە هەم لەباری مووچەوە لە خوارەوەی كوڕان بوو.
فیمنیستەكان لەسەر ئەم بڕوایە بوون كە پیاوان ئەم هاڵاواردنانەی كە لە خوارەوە ئاماژەی پێكراوە بەرامبەر بە ژنان بەكاری دێنن:
- ئەمەیكە كچان پێویستیان بە خوێندنی باڵا نییە چونكە دەبنە دایك و كابانی ماڵ.
- ئەمەیكە خوێندنی زۆر ناوەڕۆكی ژنانەی ئەو لەناو دەبات وشیاری ژنان لە وشیاریی پیاوان كەمترە.
ئەم بیرۆكە لای پیاوان شتێكی خۆش بوو چونكە بۆ پێشكەشكردنی خوێندنی باشتر و پیشەی باشتر بۆ پیاوان كۆمەڵَێك هۆكاری بەدەستەوە دەدا. توێژینەوەكان دەریانخست كە:
- مامۆستاكان كەمتر سەرنجی كچان دەدەن تا كوڕ.
- مامۆستاكان چاوەڕێ نەبوون كچان بە وێنەی كوڕەكان لە خوێندن سەركەوتووبن.
- مامۆستاكان پێیان وا نەبوو كچان بەوەی كە پیشەیان هەبێت بایەخ بدەن.
- زۆربەی پەرتووكەكانی وانە و بابەتە پەروەردەییە كۆنەكان بایەخێكی زۆرتر بۆ رەگەزی پیاو دادەنا، بۆ وێنە لە پەرتووكەكانی زانستە گشتییەكاندا تەنیا وێنەی كوڕان چاپ دەكرا كە سەرقاڵی تاقیكاریی زانستی بوون.
دەكرێ سەرهەڵدانی سەركەوتنەكانی كچان لە خوێندنرا لەم ساڵانەی دواییدا بە پەیوەندار بەم خاڵانەی خوارەوە بزانین:
- ئاگاداری لە پرسی پەیوەندیدار بە رەگەزەوە لە قوتابخانە - قوتابخانە و مامۆستایان زۆرتر ئاگاداری ئەم پرسانە بوونەوتەوە و تێدەكۆشن بەشێوەی یەكسان لەگەڵ كوڕان و كچان هەڵسوكەوت بكەن تاكو بەشێوەی یەكسان دەرفەتیان بۆ برەخسێنن.
- گۆڕانكاری لە خوێندنی باڵا و چاوەڕوانیی پیشە - كچان بۆ دەست پێ راگەیشتن بە بڕوانامەی بەرز و پیشەی باش چاوەڕوانی زۆرتریان هەیە و دایك و باوكیان لەچاو رابردوو بەرز و پیشەی باش چاوەڕوانیی كچەكانیان بەریانی زۆرتریان هەیە. ئەم بابەتە نیشان دەدات بارودۆخ لەچاو چەند ساڵی پێشتر كە كچەكان پێیان وابوو دەبێ زوو مێر بكەن و ببنە دایك، بە قوڵی گۆڕانكاریی بەسەردا هاتووە. بەم حاڵەشەوە، زۆربەی كچەكان هەروەك رابردوو دەست دەدەدنە سكرتێری، پەرەستاری یان فرۆشیاری لە فرۆشگاكاندا. لە هەمان كاتدا رۆیشتینان بەرەو بەشە زانستی و تەكنیكی پزیشكییەكانیش زۆرتر بۆتەوە، بەڵام زۆربەیان هەروا كاروباری ماڵەوەش بەڕێوە دەبەن.
كوڕان: لەم چەند ساڵەی دواییدا نیگەرانی لەمەڕ نەبوونی هۆگریی كوڕان بەرامبەر خوێندن، زیاتر لە كچەكان هەست پێدەكرێت. لە راستیدا، رێژەی كوڕەكان بۆ درێژەدان بە خوێندن، بە هەڵسانگاندنی لەگەڵ ساڵانی رابردوو و بە هەڵسەنگاندن لەگەڵ كچەكان، دابەزیوە و ئاستی خێرایی سەركەوتنی خوێندنی ئەوان بە رێژەی كچەكان نەبووە.
لەوانە گرنگترین هۆكاری ئەم دیاردەیە، گۆڕانكاری لە جۆر و رێژەی پیشەدا بێت. ئێستا پیشەی نەریتیی پیاوان ( لە پیشەسازی، ئەندازیاری، هتد) لە رابردوو كەمتر و كاركردن لە پیشەی خزمەتگوزاری كە بە وێنەی پیشەی ژنانە دەناسرێت، زۆرتر بووە. ئەگەرچی دەرفەتی پیشەی نوێی وەك بواری كۆمپیوتەر و تەكنەلۆژیا بۆ كوڕان پێكهاتووە، گوتراوە كە كوڕانی ئێستا لە چاو كوڕانی رابردوو داهاتوویەكی نادڵنیاتریان هەیە. كوڕان نیگەرانی داتوون( لەوانەیە پێیان خۆش نەبێت لەسەر ئەو بابەتە قسە بكەن) لە حاڵێكدا كە كچەكان بڕوا بەخۆبوونێكی زۆرتریان هەیە.
تێكەڵی كچان و كوڕان لە قوتابخانەكاندا (single sex school): سەرەڕای ئەمەی لە زۆربەی كۆمەڵگاكاندا قوتابخانەكان بەشێوەی تێكەڵ بەڕێوە دەبرێت، بەڵام توێژینەوەكان نیشانیان داوە كچان و كوڕان لە قوتابخانەی جیا لەیەك، لە خوێندندا سەركەوتنی زۆرتر بەدەست دێنن، ناوەندی خوێندنی كچان لە قوتابخانەی جیاكراوەدا زۆر زیاتر لە قوتابخانەی تێكەڵە، چونكە كوڕەكان لە قوتابخانەی تێكەڵدا بە هەڵسوكەوتی تێكەڵ بە سووكایەتی كردنی بە كچەكان دەبنە بەربەست لەبەردەم پێشكەوتنی ئەواندا. هەروەها كوڕەكان لەم قوتابخانەدا زاڵن بەسەر كەرەستەكانی وەك كەرەستەی وەرزشی و ئامێرەكانی تاقیكاریی قوتابخانە.
هەروەها توێژینەوەكان نیشانیانداوە كە كوڕەكانیش لە قوتابخانە جیاوازەكاندا لەرووی وانەوە سەركەوتووترن.
8- راهێنانەكانی تەكنیكی پیشەیی( Vocational education):
راهێنانی تەكنیكی پیشەیی بریتییە لە فێربوونی ئەو لێزانییانەی راستەوخۆ پەیوەندی بە پیشەیەكی دیاریكراو یان جۆرەكانی پیشەوە هەیە. لە رابردوودا لە نێوان راهێنانی تەكنیكی پیشەیی و راهێنانی زانكۆییدا جیاوازی زۆر هەبوو كە پەیوەندییەكی كەمی بە بازاڕی پیشەوە هەبوو. ئەم جیاوازییە روو لە كەمبوونەوەیە. بۆ نموونە لە زۆربەی قوتابخانەكاندا وانەی تەكنیكی و پیشەیی دەگوترێتەوەە. ئەم وانانە لە بواری كارگەلێكی وەك پاراستنی تەندروستی و سەلامەتی و كۆمەڵایەتی و سەفەر و گەشت و گوزاری قوتابی پەروەردە دەكەن. هەروەها سێ لێزانینی سەرەكی ئێستا لە قوتابخانەكان هەن: شێوازی هاوكاری كردن لەگەڵ خەڵك، پێشكەوتن لە فێربوون و كردەوە نواندن، چارەسەركردنی پرس.
9- تەكنەلۆژیای زانیاری و پەیوەندییە گشتییەكان (Technology information computer):
هاتنی تەكنەلۆژیای زانیاری و پەیوەندییە گشتییەكان (ICT)، گۆڕانكاریی بەسەر ناوەڕۆكی كار و هەر بەم پێییە گۆڕانكاریی بەسەر ناوەڕۆكی خوێندنی بواری تەكنیكی و پیشەیی پێویستدا هێناوە. چونكە ئێستا زۆربەی پیشەكان تەكنەلۆژیای كۆمپیوتەر و زانیاری و پەیوەندییە گشتییەكانیان پێویستە، هەم حكوومەت و هەم قوتابخانەكان بوونی كۆمپیوتەر لە قوتابخانەكان و زانكۆكانیان لەسەرەوەی كارەكانیانەوە داناوە. تەكنەلۆژیای(ICT) هەنووكە بۆتە یەكێك لە لێزانییە سەرەكییەكان.
10- قوتابخانەی تایبەتەكان: قوتابخانەی تایبەتی ئەو قوتابخانەن لەلایەن حكوومەتەوە دانەمەزراوە و حكوومەت بۆ دامەزراندن و یان بەڕێوەبردنی بوجە دابین ناكات. زۆربەی ئەم قوتابخانانە بەو بڕە پارەیەی كە لە بنەماڵەی قوتابی بەشێوەی دیاریكراو و ساڵانە دەیدات. بەڕێوە دەبرێت. چونكە بڕە پارەی (شهریە) ئەم قوتابخانە تایبەتییانە زۆركات پارەیەكی زۆرە، تەنیا منداڵی بنەماڵە دەوڵەمەندەكان دەتوانن منداڵەكانیان بۆ ئەم قوتابخانەگەلە بنێرن.
تایبەتمەندییەكانی قوتابخانە تایبەتەكان:
- ژمارەی قوتابی هەر پۆلێك لە پۆڵی قوتابخانە حكوومەتییەكان كەمترە.
- قوتابخانە تایبەتییەكان لە شێوازێكی پەروەردە كەڵك وەردەگرن كە خێرایی دەبەخشێت بەفێربوون. بنەماڵەكان لەسەر ئەو بڕوایەن كە ئەگەرێكی كەمتری هەیە منداڵەكانیان بكەونە ژێر كاریگەری ئەو وردەكەلتورانەی كە زۆرجار لە قوتابخانە حكوومەتییەكاندا دەبینرێت. هەروەها لەو بڕوایە دان كە قوتابییەكانیان بە ئاسانی لە زانكۆكان وەردەگیرێن.
- بەگشتی سەرچاوە و پێداویستییەكان لە قوتابخانە تایبەتیدا زۆرتر لە سەرچاوە و پێداویستییەكانی قوتابخانە حكوومەتییەكانە.
دژبەرانی قوتابخانە تایبەتەكان:
- دژبەرانی قوتابخانە تایبەتەكان لەسەر ئەو بڕوایەدان كە بوونی ئەم قوتابخانەگەلە لە یەكسانی بەدوورە چونكە ئەم قوتابخانانە بە كەمینەیەكی كۆمەڵگا ئیزن دەدن بە پارە "جیاوك" بكڕن. هەروەها دەڵێن قوتابخانە حكوومەتییەكان ئەم چاكیەیان هەیە كە زۆربەیان تێكەڵێكی بەربڵاو لە قوتابیانی جۆراوجۆریان هەیە، بەم پێیە منداڵ لەگەڵ ئەوەدا رادێت كە بتوانێت لەگەڵ هەمو جۆرە مرۆڤێكدا پەیوەندی هەبێت. بەڵام قوتابخانە تایبەتییەكان قوتابیگەلێكی تێدایە كە رابردوویان تا رادەیەك یەكسان و وەك یەكە. سەرەڕای ئەمانە، پێشوازی لە قوتابخانەی تایبەتی، چ لەلایەن خەڵكەوە و چ لەلایەن حكوومەتەوە، تا رادەیەك زۆربووە.
- هەندێ لە قوتابخانە تایبەتەكان بەمەبەستی بەڕێوەبردنی شێوازێكی پەروەردەیی تایبەت بە كۆمەڵ یان ئایینێك دادەمەزرێن و هاوكات لەگەڵ بەڕێوەبردنی بەرنامە گشتییەكانی قوتابخانە حكوومەتییەكان، بەرنامەی تایبەت و وانەی تایبەت بە قوتابییەكان دەڵێنەوە كە لە راستای گەیشتن بە ئامانجی جێی مەبەستی ئەوان كاریگەرە. هەرچۆنێك بێت، هەركام لەم دوو قوتابخانە گشتی و تایبەتییە قازانج و كێشەی تایبەت بەخۆیان هەیە.
11- پەروەردەی باڵا
بەپیشەسازی بوونی كۆمەڵگاكان، خوێندنی باڵای كردووە بە دەروازەیەك بۆ گەیشتن بەپیشەی باشتر، داهاتی زۆرتر و پێگەی كۆمەڵایەتیی بەرزتر. ئەگەرچی لەوانەیە ئێستا بڕوانامەی زانكۆ وەك رابردوو بایەخی نەبێت، بەڵام هێشتا لەرووی ئابووری و پیشە و پێگەی كۆمەڵایەتییەوە بایەخێكی بەرچاوی هەیە.
ڕۆڵ و ئەركە سەرەكییەكانی مامۆستا لە پەروەردەدا:
لە تێڕوانینە پێشكەوتوەكانی جیهانی ئەمڕۆ لە سەر هەمو شتەكان ،بێگومان كاریگەریشی لەسەر پرۆسەی پەروەردە هەیە،ئەگەر لەڕابردودا ڕۆڵی مامۆستا تەنها گوێزەرەوەیەكی داماڵراو بوبێت بۆ گوستنەوەی زانیارییەكان بۆ خوێندكاران وئامانجی سەرەكی لە پەروەردەدا تەواوكردنی پرۆگرام و لەبەركردنی بوبێت،بێگومان ئەمڕۆ پەیامی كاری مامۆستایی هەر ئەوەندە نییە ، بەڵكو دیدێكی زۆر فراونی هەموو لایانەكانی پەروەردە دەگرێتەوە ،لە كەسیەتی خوێندكارەوە دەست پێدەكات تا ئاماژەدان بە بچوكترین شت كە دەكرێت لەسیستمی پەروەردەدا بەكاربێت بۆ خزمەتی تواناكانی گەیاندن بەخوێندكاران،بۆ ئەم مەبەستەش كۆمەڵێك ئەرك و داخوازی سەرەكی هەیە كە پێویستە لە كارو چالاكی مامۆستادا فەراهەم بكرێت ، تا بتوانێت بەڕۆڵی زیندوی كارای خۆی هەستێت و ،زۆرترین شوێن پەنجەشی لە بنیاتی كەسیەتی خوێندكاراندا جێبهێڵێت بە شێوەیەكی بابەتی وپەروەردەیی، كە لێرەدا هەوڵدەدەین بەڕویان بخەین.
1) كارامەیی مامۆستا لە زانیاریی پسپۆڕییەكەیدا:یەكێك لەگرنگترین ئەوكارامەییانەی كە پێویستە لە مامۆستدا هەبێت ،شارەزایی و بەئەزمون بوونە لە پسپۆڕییەكەیداو،درككردنە بە سرووشت و تایبەتماندییەكانی پسپۆرییەكەی و پەیوەندی بەشەكانی پسپۆڕییەكەی لەگەڵ یەكدی و لەگەڵ زانستەكانی تردا و ، بەگەڕخستنی تواناكانی لە بەدواگەڕان و پشكنینی پێكهاتەكانی بابەتەكانی پرۆگرام ،بە مەبەستی لێوردبونەوەو كاركردن بۆ باشتركردنی كەمو كوڕییەكان و پەرەدان بە لایەنە باشەكانی ،چونكە پرۆگرامەكانی خوێندن دڵی زیندووی سیستمی فێركردنەوڕۆچون و شۆڕبونەوە تیایداو تێگەیشتن لە ئامانج و پێكهاتەكانی و گونجاندن و هەڵبژاردنی باشترین شێوازێك بۆ وتنەوەیان ودەستەبەركردنی هۆكارو پێداویستی گونجاو ی فێركردن لە نمایشی بابەتەكاندا خاڵێكی تری مسۆگەركردنی سەركەوتنی مامۆستایا لە كارەكەیدا.
.2) پلان و ئامادەكردنی زانستیانە:كاری وانەوتنەوە،كارێكی زانستیانەی بەرنامە بۆداڕێژراوی ئامادەكراوی پێشوەختەی دەوێ ، ناكرێت بەهیچ جۆرێك ڕێگەی ڕێكەوت و هەڕەمەكی بدرێت خۆی تێهەڵكێشی بكات،چونكە كارێكی لەو جۆرە لەگەڵ بنەما مەعریفییەكانی ئەم ساتو وەختە پێشكەوتووەی ئێستادا نەكراوەو و ناگونجێت، هەر پلانە كە دیدێكی زانستیانەو چاوڕوونی گونجاو بە مامۆستا دەبەخشێت تا بتوانێت لە تەواوی پێكهاتەی بابەتەكەی ئاشنابێت و بە شێوەیەكی گونجاو لەگەڵ ساڵ و مانگ و هەفتەو ڕۆژەكاندا دابەشی بكات و ئامادە سازی تۆكمەی بۆ بكات، لەهەمانكاتدا لە ڕێی پلانەوە دەتوانێت لەڕەوشی چۆنیەتی بەڕێوە چونی پرۆگرامەكە ئاگادار بێت و هەڵسەنگاندنی تەوای بۆبكات و سەرنج و تێبینییەكانی تۆمار بكات ولەتوانای گەیاندنی ئامانجەكانی بە خوێندكاران ئاگادار بێت.
.3) شێوازو ڕێگەی وانەوتنەوەی زانستییانە:ئاشكرایە كە ڕێگاو شێوازەكانی وانە وتنەوە ،ڕۆڵ و كاریگەری زیندوو پڕ بایەخیان لە پرٶسەی فێركردندا هەیە،وە لەبەر ئەوەی كە ڕێگاكان زۆرو جۆر بەجۆرن و لە هەمانكاتدا ڕێگای كۆن و هاوچەرخیش هەیە ، ئاشنا بوونی مامۆستا بە شێوازەكان و هەڵبژاردنی گوونجاوترینیان بۆ وانە وتنەوە بە گونجاندنی لەگەڵ ناوەڕۆك و پێكهاتەی بابەتەكەدا،ئەركێكی گرنگ و لەیاد نەكراوی مامۆستایە لە كاری فێركاریدا،هەروەك چۆن پەیڕەو كردنیشی بەشێوەیەكی زانستی و جێبەجێ كردنی هانگاوەكانی بەشێوەیەكی درووست هەلێكی زیاتری سەركەوتن لە كاری مامۆستایەتیدا مسۆگەر دەكات.
.4) شارەزاییەكانی پەیوەندی و گەیاندن:كاری فێركاری واتە گەیاندن بە پلەی یەكەم، جا بۆ ئەوەی مامۆستا لەم كارەیدا سەركەوتوو بێت زۆر گرنگە كە شارەزای توناگەیاندنییە زارەكی و نازارەكییەكان- ئاماژە – بێت،چەند بكرێت زمانی سادە و ئاسان و تێگەیشتراولە ڕاڤەی بابەتەكاندا بەكار بهێنێت ، هەروەك توانای مامۆستا لە دواندن و گفتوگۆ وشێوازی پرسیاركردن ووەڵام لێوەرگرتنەوە بە شێوازێكی پەروەردەیی و دوور لە خۆسەپاندن وئاڵۆزكردن زۆر گرنگە كاری لەسەر بكرێت.
5) بەكار هێنانی كارامەیی وروژاندن و سەرنجڕاكێشان و ئاگایی خوێندكاران :هەموو ئەو لێكۆڵێنەوە و توێژینەوە هاوچەرخانەی لە بواری پەروردەو دەروونی تایبەت با كاری فێركردنەوە كراون ،ئەو ڕاستییە دەسەلمێنن كە كاری فێركردن كارێكی گشتگێرەو باری تواناو سەرنج و ئاگایی خوێندكاربەشێكی سەرەكی و دانەبڕاوو ئاماژە بۆكراوی پرۆسەی فێركردنە،كەناكرێت بەهیچ بیانوو مەبەستێك پشتگوێ بخرێت،بۆ ئەم مەبەستەش پێویستە مامۆستا لەو چالاكیانە ئاگادار بێت كە تواناكانی ئاگایی و سەرنجڕاكێشان لای خوێندكاران درووست دەكەن وهەمیشە هاندەریان بێت بەشێوازێكی پەروەردەیی بۆ زیاتر بەشداربوون و ئاوێتە كردنییان لەگەڵ پرۆسەی فێركردندا.
6) برەودان بەكەسیەتی خوێندكارو پەرەپێدانی:ئاگاداربوون لە قۆناغەكانی گەشەوئاستی تێگەیشتنی خوێندكاران وتێگەیشتن لە بناماكانی تایبەتمەندێتی قۆناغەكان و جۆری كەسێتی خوێندكاران ،هاوكارێكی پڕ بایەخی مامۆستایە لە گەیاندنی پەیامە كانی بە خوێندكاران،چونكە ئەم تێگەیشتنە هاوكار دەبێت بۆ بەكارهێنانی شێوازی گونجاوی گەیاندنەكان ،بە مەبەستی بنیاتنانێكی درووستی كەسیەتی لای خوێندكاران و ڕوواندنی بنەماكانی بڕوا بەخۆبوون لە ناخیانداودروستكردنی حەزی بەدواگەڕانی خۆیی لە دەروونیاندا،تابتوانن لە داهاتوودا لەسەر پێی خۆیان بوەستن وتاكێكی بەسوود بن لەكۆمەڵگەدا.
.7) پەیڕەو كردنی جیاوازی تاكایەتی :مە بەست لە جیاوازی تاكایەتی ،تەنها لەبەرچاوگرتنی تواناكان زانیاری وەرگرتن نییە، بەڵكوو زانستی نوێ تاك وەكوو یەكەیەكی لەیەكدانەبڕاو سەیردەكات ،بۆیە پێویستە مامۆستاش بە هەمان دید بۆ خوێندكار بڕونێت و سەرجەم تواناكانی لە بەرچاو بگرێت لە لایەنە جۆربەجۆرەكانی ژیانیدا و تەنها تونا زانستییەكەی نەكرێت بە پێوەربۆ بڕیاردان لە سەر زیرەكی یان لاوازی خوێندكار،چونكە ئێستە ئەو راستییە یەكلایی بووەتەوە كە هەمو مرۆڤێك جیاوازە و دەبێت هەركەسەو بە پێی توناو لێهاتوویی خۆیی ڕەفتاری لەگەڵدا بكرێت و ، تواناجۆربەجۆرەكانی لەخزمەت یەكتردا بەكاربهێنرێت بۆ برەودان بەتواناكانی فێربوون و گەشە پێدانی بە شێوەیەكی گوونجاو.
.8) كارامەیی ڕێكخستن و بەڕێوە بردنی پۆل:بەڕێوە بردنی پۆل و چۆنیەتی ڕێكخستنی لەڕوی كارگێڕییەوە ،خاڵێكی تری گرنگی كارامەیی مامۆستا دەردەخات لە چۆنیەتی ئەنجامدانی كارەكەیدا،ئەمەش بەوە ناكرێت كە مامۆستا لەڕێی توندو تێژی و خۆ سەپاندنەوە دەستەبەری بكات ،هەروەك بێدەنگ بوون و كروكپی پۆلێش هێمای مامۆستای سەركەوتو نییە، بەڵكو كارامەیی مامۆستا لەبەڕێوە بردندا لە پۆلێكدا دەردەكەوێت كە توانیبێتی گیانی لەخۆبووردن و هاوكاری تیادا فەراهەم كرابێت و ،خوێندكاران هەست بەدڵنییای وئارامی بكەن وپەیوندی مامۆستاو خوێندكاران لەسەر بنەمای ڕێزو لەیەك گەیشتن بنیات نرابێت،چونكە لەم جۆرە پۆلەدا مامۆستا دەتونێت ئامانجی خۆی لە گەیاندندا بەدی بێنێت و پۆلەكەی لە ڕووی كات و كۆنترۆڵەوە ڕێكبخات.
.9) كارامەیی تەكنەلۆژیای زانستی:لەگەڵ پێشكەوتنەكاندا ڕۆژانە لیشاوی تەكنەلۆژیا لە بوارە جیاجیاكاندا لە برەودایە،بەمەش خواستی خوێندكار لەوەرگرتنی زانیاریدا زیاتر دەكات،بۆیە زۆر گرنگە مامۆستا لەو پێشكەوتنە زانستیانە دانەبڕێت ،بەڵكو دەبێت سەرمەشق و ڕێنوێن بێت لەو بوارەدا و چەند بكرێت خۆی قاڵ بكات لەدەست خستنی زانیاری نوێ وشارەزابوون لە ئامێر وهۆكارە زانستییە نوێكان و چۆنیەتی بەكارهێنانیان لەبواری پەروەردەو فێركردندا بە ڕەچاو كردنی ڕێساو بنەما پەروەردەییەكان لە بەكار هێنانیاندا،بەڕاستی كارەساتە ئەگەر ئاستی زانستی مامۆستا لە ئاستی زانستی خوێندكارەكەیدا باڵاتر نەبێت.
10) كارامەیی بەشداریكردن لە چالاكییەكاندا:سەرجەم ئەو چالاكی و بوارانەی لە خوێندنگەدا ئەنجام دەدرێن ،دەكرێت مامۆستا بەكاری بهێنێت بۆ برەودان بە تواناكانی خوێندكاران لە بوارە جیاجیاكاندا وەك بڵاوكراوەی دیواری یان گۆڤارو ڕۆژنامەی خوێندنگەیی یاخود پەخشی دەنگیی خوێندنگەیی….بە هاوكاری دەستەی كارگێڕی و لیژنەكانی ڕۆشنبیری و راگەیاندنەكانی خوێندنگە.
گرنگی و پێویستی پەروەردە بۆ كۆمەڵگا:
1- بەرەوپێش بردن و پاراستنی كەلەپووری كۆمەڵگا، گواستنەوەی لە نەوەیەكەوە بۆ نەوەیەكی دیكە.
2- نەهێشتنی نەخوێندەواری كە بەشداری دەكات لە بەرزكردنەویە ئاستی هۆشیاری كۆمەڵگا و تێك نەچوونی كۆمەڵگا.
3- بەرزكردنەوە و بەرەو پێشبردنی باری تەندروستی و لە رێگەی بەرزكردنەوەی هۆشیاری تاك و كەمكردنەوەی نەخۆشی.
4- رێكخستنی بواری ئابووری و رۆڵی گرنگی هەیە لە پەرەسەندنی كۆمەڵگا و كار لەسەر زیادكردن و بەرزكردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی كۆمەڵگا دەكات. ئەمەش لە رێگەی زیادكردنی وزەی مرۆڤایەتی.
5- پەرەسەندنی گیانی نیشتمانی و ئامادەكردنی تاكێكی دڵسۆز بۆ نیشتمانەكەی خۆی.
6- پێكهێنان و دروستكردنی وزەی مرۆڤایەتی پێویست بۆ كۆمەڵگا، واتە پەروەردە و فێركردن لە پێگەیاندن و كادر و مرۆڤی لێهاتوو و پسپۆری جیاجیا و بەتوانا لە هەموو بوارێك دا.
سەرچاوەكان:
1- برۆس كۆهێن (Bruce kohen)، بنەماكانی كۆمەڵناسی، و. چەكۆ ئەحمەدی، پێداچوونەوەی د. محمد شوانی، هەولێ 2014، لا 225 تا 241.
2- ئیمل- ژان ژاك روسو، و. رەسوڵ سوڵتانی، ساڵی 2008، لا9 و لا11.
3- م. وفا محمد حسین احمد التمیمی، فەلسەفە وبنەماكانی پەروەردە وفیًركردن، نامەی ماستەر / پەروەردەیی هونەری، زانكۆی سلیمانی / كۆلیجی پەروەردەی بنەڕتی / لقەی زانستی پەروەردەی ودەرونیەكان، لا 30 - 41.


Hiç yorum yok:
Yorum Gönder