"كۆمه‌ڵناسیی پاره"
sociology of money
(Georg Simmel)
زیمێل كتێبی "كۆمه‌ڵناسیی پاره"ی له
ساڵی 1900 بڵاوكرده‌وه و له ساڵی 1907 دا دووباره چاپ كرایه‌وه، له‌م ماوه‌یەدا،
نزیكه‌ی حه‌وتسه‌د لاپه‌ڕه لە كتێبه‌كه به‌ره‌و زیاد بوون چوو. ئه‌م كتێبه بریتییه
له دوو به‌ش كه هه‌ر كامیان سێ ته‌وه‌ر له خۆ ده‌گرێت و له‌مانه‌دا زیمێل پاره
ده‌به‌ستێته‌وه به هه‌ر دیارده‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی كه بكرێت وێنای بۆ بكرێت و له
ڕاستیدا باس له‌و په‌یوه‌ندییه دانه‌بڕاوه‌ی نێوان پاره و تاك و له كۆتاییشدا كۆمه‌ڵگای
مۆدێرن ده‌كات. تایبه‌تمه‌ندییه عه‌قڵگه‌راییه ڕه‌هاكه‌ی ئه‌و سه‌باره‌ت به‌م به‌رهه‌مه‌ی
و له په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ پاره‌دا زۆر به ئاشكرا ده‌رده‌كه‌وێت. به گوته‌ی ڕیتێرز
و گۆدمێن سه‌رقاڵبوونی زیمێل به پاره‌وه، به‌شێكه له پانتاییه‌كی به‌رفراوانی تری
بیركردنه‌وه‌كانی سه‌باره‌ت به مه‌سه‌له‌ی به‌ها.
به‌شی یه‌كه‌می كتێبه‌كه‌ی زیمێل زیاتر شیكارییه
و ئامانجی لێره‌دا خوێندنه‌وه‌یه بۆ پاره له ده‌ره‌وه‌ی پێشگریمانه‌كانی ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی.
زیمێل خوێندنه‌وه‌یه‌ك بۆ پاره ده‌كات و پێشنیارێك ده‌خاته ڕوو كه ده‌كه‌وێته سه‌رووی
ڕێگا ئابوورییه‌كانەوە. زیمێل ده‌ڵێت ئامانجی ئه‌و، قسه‌كردنه له سه‌ر بارودۆخی پاره
له سه‌رووی بازاڕه‌وه، ئه‌ویش له ڕێگای به‌ستنه‌وه‌ی به كولتوور و كۆمه‌ڵگا به
مه‌به‌ستی تێگه‌یشتنێكی قووڵتر له به‌هادانان و ڕه‌وتی ده‌روونناسی و ته‌نانه‌ت میتافیزیكیش.
زیمێل له هه‌وڵی ئه‌وه‌دا بوو بگاته تێگه‌یشتنێكی قووڵتر له بارودۆخی پاره و له
هه‌مان كاتدا كاریگه‌رییه‌كانیشی له سه‌ر كۆمه‌ڵگای مۆدێرن، ئه‌و به ته‌نیا ڕاڤه‌كردن
و شیكارییه ئابوورییه‌كانی به پێویست نه‌ده‌زانی. خوێندنه‌وه‌یه‌كی یه‌ك لایه‌نه‌ی
ئابووری بۆ پاره زۆر جار ده‌توانێت فریوده‌ریش بێت. به ده‌ربڕێنێكی مۆرتۆنی بۆ ئه‌م
مه‌سه‌له‌یه، واته ئه‌و به‌كارهێنانه شاراوه و بێ ئیراده‌ییه به‌رامبه‌ر به پاره
كه ته‌واوی كۆمه‌ڵگای مۆدێرنی ڕاته‌كاندووه. هه‌ڵبه‌ت زۆر وتن و گه‌وره‌كردنه‌وه‌ی
ئه‌م بابه‌ته‌یش له‌وانه‌یه هه‌ڵه‌تێگه‌یشتنیش دروست بكات كه هۆرتون ئه‌مه‌ی ناو
لێناوه هه‌ڵه‌تێگه‌یشتنێكی دژه شاری.
زیمێل سه‌ره‌تا په‌یوه‌ندی نێوان پاره‌و به‌ها ڕاڤه
ده‌كات و دواتر ده‌ڵێت، به‌ها ڕه‌هه‌ندێكی بینراو و ئۆبژێكتیڤی ده‌به‌خشێته پاره.
له ڕێگای پاره‌وه‌یه كه به‌ها زه‌ینی و سۆبژێكتیڤه‌كان ده‌بنه به‌هایه‌كی بینراو
و ئۆبژێكتیڤی. به‌ها له‌وانه‌یه له فۆرمی جۆراوجۆردا له‌گه‌ڵ شتێك‌دا په‌یوه‌ندی دروست
بكات و ئه‌و شتانه به شێوه‌یه‌ك زۆر نزیك په‌یوه‌ندییان به به‌های ئۆبژیكتیڤی و
بینراوه‌وه هه‌یه "چونكه ئه‌وانه دروستكه‌ری به‌ها زه‌ینییه‌كانن"، به‌ڵام
به ته‌نیا له پاره‌دایه كه هه‌ر به‌هایه‌كی زه‌ینی به شێوه‌یه‌كی ته‌واو ده‌توانێت
ببێته به‌هایه‌كی بینراو و له‌مسكراو. ئه‌و به‌هایانه‌ی كه له كۆمه‌ڵگایه‌كی ترادیسیۆنیدا
تاكه‌كان به شێوه‌یه‌كی زه‌ینی ده‌یده‌نه پاڵ شته‌كان و زۆرجار ده‌ربڕێنكی بنیراو
و قابلی له‌مسیان بۆ دروست نابێت، به یارمه‌تی پاره به‌رجه‌سته ده‌بێت و به‌م شێوه‌یه
ده‌كرێت ئه‌و به‌ها زه‌ینییانه به شیوه‌ی بینراو و به‌رجه‌سته به ده‌ستی بهێنیت
و گۆڕینه‌وه‌ی پێبكرێت. شتێكی ویستراو ـ كاتێك دووره له ده‌ستپێگه‌یشتنی تاك ـ ده‌كرێت
له ڕێگای په‌یوه‌ندییه‌كی گۆرینه‌وه‌ی پاره‌وه به ده‌ست بێت. به‌ها له ڕێگای ڕێژه‌ی
حه‌زی خه‌ڵكی بۆ ئه‌و شته دیاری ده‌كرێت، نه‌ك له ڕێگای به‌های به‌كارهێنانی ئه‌و
شتەوە. به گوێره‌ی بۆچوونی زیمێل بازرگانی بۆ خولقاندنی به‌های پاره، شتێكی ناچارییه،
چونكه بازرگانی، شته‌كان له سه‌ر بنه‌مای به‌هایه‌ك كه له ڕێگای پاره‌وه ده‌ستنیشان
ده‌كرێت، قابیلی ئاڵوگۆڕ ده‌كات. ڕێژه‌ی به‌های هه‌ر شتێك له سیسته‌می پاره‌دا له
لایه‌ن ڕێژه‌ی خواست بۆ ئه‌و شته ده‌ستنیشان ده‌كرێت و پێویستی ئه‌م سیستمه‌ی خستنه‌ڕوو
و خواسته بازرگانییه‌یه، كه ده‌توانێت شته‌كان بگه‌یه‌نه‌ته ده‌ستی مشته‌رییه‌كان.
تاوه‌كو به شێوه‌یه‌كی پێویست بازرگانی په‌ره‌ی نه‌سه‌ندبێت، ئه‌م قابیلیه‌ته هێزه‌كییه‌ی
پاره به‌رجه‌سته نابێت.
"پاره میكانیزمی خسته ڕووی كه‌ره‌سته و په‌یوه‌ندییه
به‌رجسته‌بوو و بینراوه‌كانه له په‌یوه‌ندی ئالۆگۆڕدا، چونكه جیا له هه‌موو شتێك
پاره گۆڕه‌ره‌وه‌ی شته‌كانه بۆ كاڵا. پاره له كۆمه‌ڵگای مۆدێرندا زیاتر و زیاتر
كارایی خۆی وه‌رده‌گریت: په‌یوه‌ندییه‌كان دروست ده‌كات و خه‌ڵكی له ڕێگای ڕه‌وتی
پاره و خزمه‌تگوزارییه‌كانه‌وه پێكه‌وه ده‌به‌ستێته‌وه. زیمێل ده‌ڵێت نرخی كاڵایه‌ك
له ئاڵۆگۆڕێكدا، پێوه‌ری قابیلیه‌تی ئاڵۆگۆڕكردنی ئه‌و كاڵایه‌یه له‌گه‌ڵ كاڵاكانی
تر. پاره په‌یوه‌ندییه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان به شێوه‌یه‌كی سه‌رنجڕاكێش زیاتر ده‌كات.
پاره پێویستی په‌یوه‌ندییه فه‌رمی و ناتایبه‌تییه‌كانی كۆمه‌ڵگای مۆدێرنه، چونكه
زمانی هاوبه‌شی نێوان ئاڵۆگۆڕكردنه‌كانه و به‌های هه‌ر شتێك زۆر به ئاسانی ده‌ستنیشان
ده‌كات". پاره ده‌ربڕی په‌یوه‌ستبوون و له هه‌مان كاتدا ناڕێكی شته‌كانه. پاره
ده‌رخه‌ری ڕه‌گه‌زی گشتییه له ته‌واوی ئه‌و شتانه‌ی كه بكرێت ئاڵۆگۆڕیان پێوه بكرێت.
پاره ناتوانێت تایبه‌تمه‌ندی فه‌ردی هه‌ر شتێك ده‌ر بخات. گرنگ ئه‌وه‌یه كه چیتر
ڕه‌گه‌زی پاره هیچ ڕۆڵێك له به‌ركارهێنانی ئه‌و شته له ئاڵۆگۆردا نابینێت. سه‌رده‌مێك
پاره به‌های ڕه‌گه‌زی خۆی هه‌بوو، بۆ نموونه دراوی زیو و زێڕ، به‌ڵام ئیستا پاره
گۆڕاوه بۆ سه‌مبولێك بۆ ده‌ستنیشانكردن چۆنایه‌تی به شێوه‌یه‌كی ڕێژه‌یی. پاره ئامرازێكه
كه تا ڕاده‌یه‌ك هاتۆته نێو ته‌واوی كرداره هاوبه‌رامبه‌ره كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی
خه‌ڵكه‌وه. پاره ئامانجێكی له نێوخۆی‌دا نییه. پاره هه‌ڵگری بڕێكی زۆر ئیمكانیه‌تی
ناكۆتاو ڕه‌هایه بۆ به‌كارهێنان له په‌یوه‌ندییه ئاڵوگۆڕكردنه‌كاندا. به‌مشێوه‌یه
پاره ده‌توانێت ببێته ئامانجێك له پێناو خۆیدا. به شێوه‌یه‌كی ته‌واو به هۆكاری
ئه‌و ئیمكانیه‌ته بێ سنووره‌ی وه‌كو ئامرازێك كه هه‌یه‌تی، قه‌ده‌ره‌كانی خۆی ده‌گۆڕێت
بۆ كۆمه‌ڵێك تایبه‌تمه‌ندی ئاشكرا. هه‌ڵپه‌كردنی سوودی ئابووری و هه‌ستكردن به پێویستی
كه‌ڵه‌كه‌كردن و زیادكردنی پاره شتێكی واتاداره، ئه‌مه‌ش نه‌ك ته‌نیا له نێو بازاردا
بگره له هەموو فه‌زایه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تیدا. زیمێل ئه‌م پرۆسه‌یه ناو لێده‌نێت به
كاڵابوونی په‌یوه‌ندییه هاوبه‌رامبه‌ره‌كان یان دابه‌زاندنی چۆنیه‌تی بۆ چه‌ندایه‌تی.
ئه‌وه‌ی كه پاره ناتوانێت كۆمه‌ڵێك تایبه‌تمه‌ندی جیاواز بخاته ڕوو و ته‌نیا به
زمانی ڕێژه‌وه باسی چۆنیه‌تی ده‌كات، ده‌بێته هۆكاری ئه‌وه‌ی كه زۆربه‌ی چۆنیایه‌تییه‌كان
له‌به‌رچاو نه‌گیرێن. سه‌رده‌مانێك پاره به‌هایه‌كی ترانسێندتالی هه‌بوو "به
هۆی ڕه‌گه‌زه‌كه‌یه‌وه"، به‌ڵام له كۆمه‌ڵگای مۆدێرندا به شێوه‌یه‌كی ته‌واو
گۆڕاوه بۆ تواناییه‌كی ئه‌بستراكتی ده‌رخستن و ده‌ربڕینی به‌هاكان له سیستمی خواست
و خستنه ڕوودا كه له هه‌مانكاتدا خۆی هه‌ڵگری به‌هایه‌كی گشتییه كه له سه‌ری
ڕێكه‌وتوون، پاره به‌های ترانسێندتالی هه‌موو شتێك زه‌وت ده‌كات و لێی ده‌ستێنێته‌وه
و چه‌ندایه‌تییه‌كی ڕێژه‌یی ده‌به‌خشێته هه‌موو شتێك كه قابیلی هه‌ڵسه‌نگاندن بێت.
زیمێل له به‌شی دووه‌می كتێبه‌كه‌یدا سه‌رقاڵی
ئاشكراكردنی كرداره‌كانی پاره ده‌بێت له جیهاندا، كه بریتییه له جیهانی تاكه‌كه‌كان
و كولتوور و كۆمه‌ڵگا. ئه‌م بابه‌ته وا له زیمێل ده‌كات سه‌رقاڵی په‌یوه‌ندی نێوان
پاره بێت له‌گه‌ڵ ئازادی تاكه‌كه‌سیدا. زیمێل ده‌ڵێت پاره تاك ئازاد ده‌كات، چونكه
ناچاربوون بۆ به‌كارهێنانی پاره ته‌نیا په‌یوه‌ندی به به‌رهه‌می كار یان په‌یوه‌ندی
به كڕیار/فرۆشیاره‌وه هه‌یه له بازاردا و هه‌رگیز په‌یوه‌ندی به سەرلەبەری تاكه‌وه
نییه. زیمێل ده‌ڵێت پاره مەوداکانی گه‌یاندووه‌ته ترۆپک، مەودای نێوان ئینسان وه‌كو
تاكێك و ئینسان وه‌كو ئامرازی كردارێك یان واتایه‌كی تایبه‌ت. پاره له ڕێگای فۆرمبه‌ندی
په‌یوه‌ندییه‌كان له نێوان خه‌ڵكێكی زۆردا، ئازادی تاكه‌كه‌سی ده‌پارێزێت. له په‌یوه‌ندییه‌كی
به‌م شێوه‌یەدا، پاره جێگۆركێی دارایی مسۆگه‌ر ده‌كات و دارایی خۆی ده‌بێته كردارێك،
واته ده‌رگیر بوون له په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ كه‌سانی تردا له كرداره هاوبه‌رامبه‌ره‌كاندا.
ئازادی تا ڕاده‌یه‌كی زۆر په‌یوه‌سته به داراییه‌وه، هه‌بوونی پاره یان كاڵا، یارمه‌تی
دروستكردنی په‌یوه‌ندییه‌كی زیاتر ده‌دات: "واتای په‌یوه‌ستبوونی نێوان پاره
له لایه‌ك و گه‌وره‌بوونه‌وه‌ی بازنه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان له لایه‌كی تره‌وه، هه‌ڵبه‌ت
به سه‌رنجدان بۆ جیاوازیی تاكه‌كان، زۆر جار خاوه‌ندارێـتی تایبه‌تییه". زیمێل
ده‌ڵێت پاره ده‌توانێـت زاڵ بێت به سه‌ر ئه‌و مه‌ودا و دوورییه فیزیكی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ی
کەوتۆتە نێوان تاكه‌كانەوە، چونكه هه‌ڵگری توانایه‌كی گواستنه‌وه‌یه به شێوه‌یه‌كی
ته‌واو له‌گه‌ڵ هه‌بوونی پرۆسه‌یه‌كی تاكگه‌راییدا، به‌ڵام له هه‌مان كاتدا له كۆمه‌ڵگادا
له ڕێگای ئامرازی پاره‌وه تاكه‌كان زیاتر ڕووبه‌رووی به‌هادانان ده‌بنه‌وه. ده‌كرێت
له سه‌ر بنه‌مای به‌های پاره، به شێوه‌یه‌كی به‌رجه‌سته‌یی و بینراو به‌ها له سه‌ر
مرۆڤه‌كان دابنرێت. پاره كاریگه‌ری خۆی له پانتییه‌كی به‌رفراوانی كۆمه‌ڵایه‌تیدا
پێشان ده‌دات: مافه یاساییه‌كان ده‌گۆڕدرێن بۆ وه‌سیله داراییه‌كان، كاریش ده‌بێته
شتێكی ویستراو ته‌نیا له به‌ر ئه‌وه‌ی خۆی ده‌به‌ستێته‌وه به وه‌رگرتنی پاره
"واته مووچه".
دواجار زیمێل باسی ئه‌وه ده‌كات چۆن پاره فۆرمی
كولتوور و ژیان ده‌ستنیشان ده‌كات. ژیانی مۆدێرن ده‌گۆڕدرێت بۆ هه‌وڵدانێكی عه‌قڵانی
بۆ سڕینه‌وه‌ی هه‌ست و سۆزه‌كان له پێناو به‌رژه‌وه‌ندییه‌كی ژماره‌یی و دارایی. كولتووری
شته‌كان ده‌بێته جێگره‌وه‌ی كولتووری تاكه‌كان، ئینجا پرۆسه‌ی عه‌قڵانی، به عه‌قڵانیكرن
به یارمه‌تی پاره بۆ گۆڕینی شته‌كان به‌و كاڵایانه‌ی كه بكرێت ئاڵۆگۆڕیان پێوه
بكرێت. ئه‌م دوو بنه‌مایه له شاره گه‌وره‌كاندا ده‌بنه واقیع. زیمێل ده‌ڵێت ده‌ركه‌وتنی
بیروبۆچوونی ڕۆمانتیك و هه‌ست و سۆزی قووڵ كاردانه‌وه‌یه به‌رامبه‌ر به مۆدێرنه‌بوونی
كولتوور: پاره و عه‌قڵ قابیلی گۆڕینه‌وه و ئاڵۆگۆڕكردنن، هه‌لی كڕینی مرۆڤه‌كان و
كولتووره‌كان ده‌ڕه‌خسێت. له ڕێگای پاره‌وه هه‌موو شتێك قابیلی كڕێن ده‌بێت، هه‌موو
شتێك ڕێژه‌ییه، هه‌موو شتێك خاوه‌نی جووڵه‌یه‌كی یه‌كسانه ـ جیهان كه‌وتۆته نێو
تاکە ڕه‌وتێکی ته‌واوه‌وه.
هاوكات پاره ده‌بێته كه‌ره‌سته‌یه‌كی گرنگ بۆ
دروستكردنی په‌یوه‌ندییە كۆمه‌ڵایه‌تییەکان. كۆمه‌ڵگا به ته‌نیا بریتی نییه له كۆبوونه‌وه‌ی
تاكه‌كان و ناكرێت هیچكام له‌م دووانه "كۆمه‌ڵگا و تاكه‌كان" بێ ئه‌وی تر
وێنا بكرێن. په‌یوه‌ندی نێوان تاكه‌كان له ڕێگای پاره‌وه دروست ده‌بێت، له هه‌مان
كاتدا، ئه‌م په‌یوه‌ندییانه ده‌گۆرێن بۆ شمه‌ك و دواجار ده‌گۆڕدرێن بۆ كۆمه‌ڵێك په‌یوه‌ستبوونی
ناتایبه‌تی نێوان نرخ ـ سوود كه ده‌توانن سنووره كۆمه‌ڵایه‌تی و فیزیكییه‌كان تێپه‌ڕێنن.
پرۆژه‌ی به عه‌قڵانیكردن له گه‌ڵ په‌ره‌سه‌ندنی ئابوورییانه‌ی پارەدا ده‌بێته هۆكاری
لێكترازانی په‌یوه‌ندییه تایبه‌تییه‌كان.
ئه‌حمه‌د ڕه‌زا ئه‌سغه‌ر پور
و/ فازڵ مه‌حمود وه‌لی
له گۆڤاری تاوی كۆمه‌ڵایه‌تی
وه‌رگیراوه.



Hiç yorum yok:
Yorum Gönder